هێزە ئینتزامییەکان هاووڵاتییەکی کوردیان لە مەریوان دەستبەسەر کرد

19:41 - 28 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی ناوچەی مەریوان لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ٢٨ی رێبەندان هێزە ئینتزامییەکانی شاری مەریوان چوونەتە گوندی \"مووسک\"ی سەربە شاری مەریوان و هاوڵاتییەکی ئەو گوندەیان بەناوی \"سیــراوان محەممەدی\" دەستبەسەر کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: کە هێزە ئینتزامییەکان وێڕای پشکنینی ماڵی ئەو هاووڵاتییە دەستیان بەسەر دەزگا و دیشی ماهوارەی ئەو ماڵەشدا گرتووە.

سیروان محەممەدی کوڕی \"کەریم\" بە تاوانی هەڵاتن لە سەربازی دەستبەسەر و بۆ پارێزگای کرماشان راگوێزراوە.

لەلایەکی دیکەوە ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە بڕیارنامەیەکی نوێدا رایگەیاندووە کە لەمەو بەدوا کەسانێک کەلە کاتی خۆیدا نەچنە سەربازی، سەرەڕای ئەوەی کە ٦ مانگی خزمەتی زۆرەملێی سەربازیان پێ ئەدرێ، هاوکات لە \"دادگای نیزامی\"شدا دادگایی دەکرێن.