هێزە ئینتزامییەکان ٣٠٠ مەڕی هاووڵاتییەکیان لە ماڵەکەیدا سەربڕی

15:34 - 25 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی سەڵماس ٣٠٠ سەر مەڕوماڵاتی هاووڵاتییەکیان لە ماڵەکەی خۆیدا زەوت کرد و سەریان بڕین.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ چەند رۆژ پێش ئیستا ٣٠٠ مەڕوماڵاتی هاووڵاتییەک بەناوی \"مستەفا جەعفەری\" خەڵکی گوندی \"قەڵا رەش\"ی ناوچەی شپیرانی سەربە شاری سەڵماس بەدەستی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە حەوشەی ماڵەکەیدا سەر بڕان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بەهەواڵنێری کوردپای راگەیاند، سەرەڕای زەوت کردن و سەربڕینی مەڕ و ماڵاتی ئەو هاووڵاتییە کوردە بەدەستی هێزە ئینتزامییەکان، دادگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بڕی ١٠٠ میلیۆن تمەن ناوبراویشیان جەریمە کردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئینتزامییەکان رایانگەیاندووە، ئەو هاووڵاتییە چەند رۆژ پێشتر مەروماڵاتەکەی لە خاڵە سنوورییەکان نزیک کردۆتەوە بۆیە دەست بەسەر مەڕوماڵاتەکەیدا گیراوە.

ئەو کردەوەی هێزە ئینتزامییەکان لە حالێک دایە، زۆربەی خەڵکی ناوچە سنوورییەکان لە ئوستانەکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و ئیلام بەکاری بەخێو کردنی مەڕوماڵاتەوە سەرقاڵن و لە کاتی گەرمێن و کوێستاندا سەردانی ئەو دیوی سنوورەکانیش دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە زۆر هێزەکانی سپای پاسدارانیش جار بەبیانووی نزیک بوونەوەی مەڕ و ماڵاتی هاووڵاتییان لە سنوورەکان یان بەزاندنی سنوور، دەست بەسەر ئاژەڵ و مەڕ و ماڵاتی خەڵکدا دەگرن.