هێزە ئینتزامییەکان لە ناوچەی ئیلام لە کاتی بەرەبەیاندا ماهوارەیان کۆ کردەوە

15:48 - 23 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە کاتی بەرەبەیاندا لە چەندین ئاواییەکی ناوچەی هلیلانی ئیلام، دەزگا و دیشی ماهوارەی هاووڵاتییانیان کۆ کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە هێزە ئینتزامییەکان زیاتر لە ١٠٠ دەزگا و دیشی ماهوارەی گوندەکانی \"ماهیزانی سەرێ و خوارێ، ژێرخاکی و تازاوا\"ی سەربە بەخشی \"هلیلان\"یان زەوت کرد.

یەکێک لە هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە بە هەوالنێری کوردپای راگەیاند؛ هێزە ئینتزامییەکان لە کاتێکدا هاووڵاتییان هێشتا لە خەو هەڵنەستابوون چوونەتە ئەو گوندانە و دەستیان بۆ کۆ کردنەوەی ماهوارە کردووە.

ئەو سەرچاوەیە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتیشی: هاتنی ئەو هێزانە لە کاتی بەرەبەیاندا بۆ ئەو گوندانەی ناوچەی هلیلانی ئیلام ترس و دڵەراوکێی لای هاووڵاتییان و بەتایبەت منداڵان دروست کردووە.

پێشتریش پاسگای حەسەن‌ئاوای شاری سنە لە کاتی بەربەیانیداو لە کاتێکدا کە هاووڵاتییان لە خەودا بوون، چووبوونە گەڕەکی \"سپووراوا\"ی ئەو شارەو دەستیان بە کۆکردنەوەی ماهوارەی هاووڵاتییان کردبوو.