هێزە ئینتزامییەکان لاوێکی کوردی خەڵکی جوانڕۆیان کوشت

14:03 - 18 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی دیکەی کوردی خەڵکی جوانڕۆ، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە \"بەزمیرئاوای\" سەربە شاری سەرپێڵ زەهاو کوژرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارێی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ هاووڵاتییەک بەناوی سەلاح وەیسی، کوڕی عەزیز لە ناوچەی \"بەزمیرئاوای\" سەر بە شاری سەرپێڵ زەهاو، درایە بەر دەستڕێژی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و گیانی لەدەست دا.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە، سەلاح وەیسی کە بە ماشێنەکەی هەڵگری کەلوپەلی بێهداشتی و جوانکاری بووە، لەلایەن پاسگای بەزمیرئاواوە تەقەی لێکراوەو دەستبەجێ بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

سەرچاوەکەی گوتیشی، تەرمی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ساردخانەی نەخۆشخانەی شاری سەرپێڵی زەهاو راگیراوە و رادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

هەروەها رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٥ی بانەمەڕ هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی قاڵیچەی سەربە شاری سەلاسی باوەجانی لەسەر سنووری شێخ سەڵە، لەئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا بریندار کرا.

لێپرسراوانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بە بیانووی جێبەجی کردنی گەلاڵەی \"پێشگیری لە هاتنی کاڵای قاچاخ بۆ ئێران\" رۆژانە هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە سنوورییەکان ئەدەنە بەر دەستڕێژی گولـلە و بەرەوڕووی مەرگ و بریندارییان دەکەنەوە.