هێزە ئینتزامییەکان دەستیان بە سەر شتومەکی کاسبکاراندا گرت

12:37 - 17 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەت بە هێرش کردن بۆ سەر یەکێک لە گوندەکانی شاری پیرانشار، دەستیان بە سەر ژمارەیەک زۆر لە کەلوپەلی کاسبکاراندا گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی خەزەڵوەر، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران، هەڵیانکوتایە سەر گوندی \"مشکان\" سەر بە شاری پیرانشار و دەستیان بە سەر ٦ ماشین و ٢٠ ئەسپی کاسبکاراندا گرت.

لە لایەکی دیکەوە، شەوی ڕابردوو، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی جێگیر لە پاسگای \"نەجەفی\" لە ناوچەی پیرانشار، تەقەیان لە ژمارەیەک کاسبکار کرد و ئەم ڕووداوەش بوو بە هۆی کوژرانی ئەسپی کاسبکارێکی کورد.

بەپێی بەندی ئەلف لە ماددەی ٢ی یاسای قاچاخ، ئەگەر کەلوپەلی قاچاخ نرخەکەی لە ١ میلیۆن تمەن کەمتر بێت هیچ سزایەکی نییە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو کەلوپەلانەی کە کۆڵبەران هەڵیدەگرن لەو ڕێژەیە کەمترە کە ئەو سزایە بیانگرێتەوە، بۆیە دەبێ تەنیا کەلوپەلەکانیان زەوت بکرێت.