هێزە ئینتزامییەکان تەقە لە جووتیارێکی کورد لە سەردەشت دەکەن

14:51 - 25 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت لە شاری سەردەشت، هاووڵاتییەکی مەدەنیی خەڵکی ئەو شارە ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٤ی سەرماوەز، گوندی\"تیتی سەروو\" لە ناوچەی ئالانی شاری سەردەشت، بووە گۆڕەپانی تەق و ڕەوی هێزە ئینتزامییەکان، کە بەو هۆیەوە جووتیارێکی پێ لە تەمەن بە سەختی بریندار بوو.

لە هێرشی هێزە چەکدارەکان بۆ سەر ئەو گوندە، هاووڵاتییەک بە ناوی \"سەردار خزرپوور\" تەمەن ٤٤ ساڵە، کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو ‌هێزە چەکدارانە.

ناوبراو لە کاتی کارکردنی لە ناو مووچە و مەزراکەی خۆیدا لە نزیک ئەو گوندە، دەکەوێتە بەر دەستڕێژی گوللە و پاش چەند کاتژمێرێک لەلایەن خەڵکی گوندی تیتی سەروو بۆ ناوەندی دەرمانیی شاری سەردەشت دەگوازرێتەوە.

هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا لە شاری سەردەشت لە زاری یەکێک لە شایەتحاڵەکانی ئەو ڕووداوەوە، گوتی: هێزە ئینتزامییەکان کاتژمێر ١١ی سەرلەبەیانی بە دوو ماشین هاتنە نێو گوندەکە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دستیان بە گەڕان و پشکنینی ماڵەکان کردووە.

ئەو ڕاپۆرتە لە درێژەدا دەڵێت: هێزە چەکدارەکانی حکوومەت پاش کاتژمێرێک لێکۆڵینەوە لە هێندێک لە هاووڵاتییانی مەدەنی، سەردار خزرپووریان لە نێو زەوییەکانی خۆیدا بینیوە و، بە بێ ئاگادار کردنەوە، ناوبراو دەدەنە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئاکامدا ئەو جووتیارە کوردە بە سختی بریندار دەبێت.

سەبارەت بە هۆکاری سەرەکیی تەقە بەربڵاوەکانی هێزەکانی حکوومەت، زانیارییەکی ورد لە بەردەستدا نیە، بەڵام سەرچاوەی هەواڵی کوردپا باس لە \"هەوڵی خۆسەرانەی هێزە ئینتزامییەکان\" بۆ \"دروست کردنی کەشی ترس و تۆقاندن\" لە نێو هاووڵاتییاندا دەکەن.

هەروەها یەکێک لە نزیکانی سەردار لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند کە؛ هێزە ئینتزامییەکان ڕێگرییان لە گواستنەوەی ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ شاری سەردەشت کردبوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە خێزاندارە، خاوەنی دوو منداڵە و لە نەخۆشخانەی شاری سەردەشت بۆ چارەسەری پزیشکی خەوێنراوە و تەندروستیی ناجێگرە.

دوو ساڵ پێش هێندێک لە نوێنەرانی مەجلیس لە شارەکانی کوردستانی ئێران بە نیسبەت\"کوشتاری بەربڵاوی\" هاووڵاتییانی مەدەنی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکوومەتییەوە بە توندی ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو.

پێشتر محەممەد ساڵح نیکبەخت، مافناس و پارێزەری کورد لە پەیوەندیی تەلەفوونی لەگەڵ ئاژانسی کوردپادا، سەبارەت بە تەقە کردن لە هاووڵاتییانی مەدەنی کوردستان، گوتی: مەخابن هەنووکە مەئموورانی نیزامی و ئینتزامیی لە دادگاکان بە بیانوو و پاساوی ئەوەیکە؛ سەرەتا ئیشارە دەدەین، دواتر کەسی تاوانبار ئاگادار دەکەینەوە و تەنانەت تەقەی هەوایی دەکەین، خۆیان لەو ڕووداوە دەرباز دەکەن\".