هێزە ئینتزامییەکان ئاگریان لە کەلوپەلی کۆڵبەران بەردا

16:03 - 30 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران پاش دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی ژمارەیەک لە کۆڵبەران، ئاگریان لە تەواوی کەلوپەلەکانیان بەردا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٩ی پووشپەڕ، مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران، کەلوپەلی دەستبەسەردا گیراوی کۆڵبەرانیان لە شاری سەردەشت ئاگر دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکان لە بەرزاییەکانی\"دۆڵان\"ی گوندی\"بێتووش\" سەر بە شاری سەردەشت کەلوپەلی کۆڵبەرانیان سووتاند.

هێزە ئینتزامییەکان ئەو هەوڵەیان لە ڕاستای\"بەربەرەکانێ لەگەڵ شتومەکی قاچاغ\" ئەنجام داوە.

ناوەندەکانی حکوومەتی لەگەڵ کۆڵبەران و کاسبکاران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ژێرناوی \"قاچاغچی شتومەک\" هەڵسووکەوت دەکەن، لە کاتێکدا دانیشتوانی کوردستانی ئێران بە هۆی نەبوونی هەل و دەرفەتی کار و ڕوانینی ئەمنیەتی بۆ ئەو ناوچانە لەلایەن حکوومەتەوە، بە ناچاری ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری دەکەن و لەو پەیوەندییەدا، زۆرێک لە کۆڵبەران لەو ڕیگایەدا گیانی خۆیان لە دەست دەدەن.

ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی کورد لە شارە سنوورییەکانی کوردستان لەوانە سەقز، جوانڕۆ، سەردەشت، ورمێ، بانە، پاوە، مەریوان بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانیان ڕوو لە پیشەی کۆڵبەری دەکەن.

چالاکانی مەدەنی کوردستان لە سەر ئەو باوەڕن تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، پرسی کۆڵبەرانی کردووە بە تراژدیایەک.