هێزە ئیتلاعاتییەکان ژنە چالاکێکی ژینگەپارێزیان لە شاری سنە دەسبەسەر کرد

14:49 - 14 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی دەسبەسەر کردنی چالاکانی مەدەنیی، سیاسی، فەرهەنگی و ژینگەپارێزی، هێزە ئیتلاعاتییەکان ژنە چالاکێکی ژینگەپارێزیان لە شاری سنە دەسبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ی خەرمانان، هاجەر سەعیدی، چالاکی بواری مافی ژنان و ژینگەپارێزیی خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: هەتا ئێستە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەو ژنە چالاکەی ژینگەپارێزە ناڕوونە.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە بێ بەڵگەی دەزگا قەزایی ئەو ژنە چالاکە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.

لەو پەیوەندییەدا پێشتریش، پێنجشەممە ١٨ی پووشپەڕ، چالاکێکی مەدەنیی کورد، بە ناوی \"سەحەر کازمی\" خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سنەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە، هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێڕشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و پاش پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.