هێزە ئیتلاعاتییەکان چوار کەسیان لە بنەماڵەیەک لە شاری کرماشان دەسبەسەر کرد

16:12 - 8 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: چوار هاووڵاتیی کورد لە شاری کرماشان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە لەو شارە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەتای مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ، هێزە ئەمنیەتییەکان لە شاری کرماشان، چوار کەسیان بە ناوەکانی\"کەمال جەوانمیری\"،\"ئیلهام جەوانمیری\"،(خوشک) \"توران میرزایی\"(دایک) و \"ئیرەج جەوانمیری\" (باوک)دەسبەسەر کردووە.

\"\"
کەماڵ جەوانمیری
هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا باس لەوە دەکات کە هێزە ئەمنیەتییەکان پاش بانگهێشت کردنی کەماڵ جەوانمیری بۆ ئیدارەی ئیتلاعات ناوبراویان دەسبەسەر و دواتر هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی باوکی ئەو هاووڵاتییە کوردە و سێ کەسی دیکە لە ئەندامانی بنەماڵەی جەوانمیریان دەسبەسەر کردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوە، کەماڵ جەوانمیری سەرباز بووە و لە کاتی هاتن بۆ مۆرەخەسی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراوە و دواتر دەسبەسەر کراوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت، کەماڵ وێنەی یەکێک لە براکانی کە \"ئەندامی حیزبێکی کوردی دژبەری حکوومەتی ئێران\"ە لە سەر مۆبایلەکەی دابووە و ئەگەری دەسبەسەرکرانی کەماڵ و بنەماڵەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە.

ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە خەڵکی گوندی\"جەوانمێر\"ی سەر بە شاری داڵاهۆ بوون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ئەو چوار کەسە لە بەردەستدا نییە.