هێزە ئیتلاعاتییەکان هاووڵاتییەکی کوردیان لە پیرانشار دەستبەسەر کرد+وێنە

13:07 - 21 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ناوچەی پیرانشار لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر و رەوانەی ناوەندە ئەمنییەکانی شاری ورمێ کراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ عەبدوڵڵا خزری کوڕی حەسەن ماوەی ١١ رۆژە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران دەستبەسەر کراوە و هەتا ئیستاش چارەنووسی ناڕوونە.

\"18298.jpg\"
عەبدوڵڵا خزری، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر و رەوانەی ناوەندە ئەمنییەکانی شاری ورمێ کراوە
عەبدوڵڵا خزری تەمەن ٢٥ ساڵ، خێزاندار و خەڵکی ئاوایی \"ترکەش\"ی ناوچەی مەنگوڕایەتی پیرانشار، رۆژی ١٠ رێبەندان لە پیرانشار دەستبەسەر کراوە.

دەگوترێت، عەبدوڵلا خزری چالاکی سیاسیی کورد، پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵە و کەسوکاری عەبدوڵلا خزری، چارەنووسی ناوبراو بە ناڕوونی ماوەتەوە و لە ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەژێر لێپرسینەوە دایە.

ئەو چالاکە سیاسییە ساڵی ١٣٨٧ی هەتاویش لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەستبەسەر و بۆ ماوەی نزیک بە ٣ مانگ لەژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوەدا بوو.