هێزە ئیتلاعاتییەکان هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکانیان دەستبەسەر کرد

19:06 - 1 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری میاندواو، هاووڵاتییەکی خەڵکی ناوچەی بۆکانیان دەستبەسەر کرد و دو چالاکی مەزهەبیش لە سنە و کامیاران، لەلایەن ئیتلاعاتەوە لێپرسینەوەیان لێکرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی گوندی گامێشگۆلی لە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان بە هۆکارێکی نادیار لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بۆکان ناوی ئەو هاووڵاتییە کوردە دەستبەسەر کراوەی، (سەعید سپایی) راگەیاندووە.

ئەو هاووڵاتییە کە وەرزێڕ و خێزانداریش بووە، رۆژی سێ‌شەممەی حەفتەی رابردوو لەلایەن مەئموورانی ئیتلاعاتی شاری میاندواوەوە دەستبەسەر کراوە.

سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی سپایی، لەمەڕ هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی راگیرانی کوڕەکەیان، هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی سەعید لەبەر دەستدا نییە.

\"23265.jpg\"
لەلایەکی دیکەوەولە درێژەی فشاری ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆسەر هاووڵاتییانی کورد لە کوردستان، دوو چالاکی مەزهەبی و ئەندامی مەکتەب قورئان لە شارەکانی سنە و کامیاران، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کران.

ناوی ئەو دوو چالاکە مەزهەبییە کوردە، موختار هیدایەتی (خەڵکی شاری سنە) و ئەسعەد پەیک (خەڵکی شاری کامیاران) راگەیەندراوە، کە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات لە شارەکانی سنە و کامیاران کراون.

ئەو دوو چالاکە مەزهەبییەی پەیڕەوی مەکتەبی قورئان، لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیلاعاتەوە سەبارەت بە چالاکییەکانیان لە مەکتەب قورئاندا لێپێچینەوەیان لێکراوە.

پەیڕەوانی مەكتەب قورئان، بەپشت بەستن بە لێکدانەوەکانی ئەحمەد موفتی‌زادە، لە کتێبە ئایینییەکانی ئیسلام، چالاکی دەکەن و \"رێنوێنیی خەڵک بەبێ‌بانگەشەی سیاسی\" بە ئەركی خۆیان دەزانن.