هێزە ئیتلاعاتییەکان، هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکانیان دەسبەسەر کرد

14:47 - 24 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە حیفازەت ئیتلاعات، هێرشیان کردە سەر یەکێک لە گوندەکانی شاری بۆکان و هەوڵی پشکنین و دەسبەسەر کردنی هاووڵاتییەکی دانیشتووی ئەو گوندەیان دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نیوەشەوی چوارشەممە، ٢٢ی سەرماوەز، هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە سپای پاسداران هێرشیان کردە سەر گوندی \"ئاڵیکەند\" سەر بە شاری بۆکان و هەوڵی پشکنین و لێدانی دانیشتوانی ئەو گوندەیان دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بۆکان، ڕایگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی هێرش بۆ سەر گوندی ئاڵیکەند دەستیان کرد بە لێدانی دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"قادر و ڕەحیم\" و هەوڵی پشکنینی ماڵەکانی ئەو گوندەیان دا.

لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، هێزە ئیتلاعاتییەکان ماڵی خوالێخۆشبوو \"ئەحمەد ڕەسوڵپوور و دوکتور سوڵتان حاجی ڕەسووڵی\" دەپشکنن،
دەوترێ: هێزە ئیتلاعاتییەکان هەوڵی دەسبەسەر کردنی برایەکی دوکتور سوڵتان حاجی ڕەسووڵی دەدەن، بەڵام لە هەوڵەکەیان سەرکەوتوو نابن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی سەرماوەز، هێزە ئیتلاعاتییەکان، یەکێک لە دانیشتوانی گوندی ئاڵیکەند بە ناوی \"سەلاح حاجی ڕەسووڵی\" دەسبەسەر و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەر کردنی ناوبراو هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لە بەردەستدا نییە.

دانیشتوانی گوندی ئاڵیکەند بە نیسبەت ئەم هەوڵەی هێزە ئیتلاعاتییەکان، نیگەرانییان دەربڕیوە و بە وتەی یەکێک لە دانیشتوانی ئەو گوندە، هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هەوڵی پشکنینی ماڵەکانی ئەو گوندەیان داوە.