هێزە ئیتلاعاتییەکان هاووڵاتییەکی خەڵکی بانەیان دەستبەسەر کرد

21:32 - 22 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوموەتی ئیسلامیی ئیران هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی بانەیان دەستبەسەر و بۆ شوینیکی نادیار راگواست.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا، شەوی شەممە رێکەوتی ٢١ی پووشپەڕ، مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە چوونەتە سەر ماڵی هاوولاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی \"زەلە\"و دەستبەسەریان کردووە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بانە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاند؛ ناوی ئەو هاووڵاتییە کوردەی کە لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە، (رەزای حاجی ساڵە) و دانیشتووی گوندی زلەی ناوچەی خێڵە رەشی سەربە شارستانی بانە بووە.

سەرچاوەکە گوتیشیەتی؛ هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردەدا، سووکایەتییان بە بنەماڵەکەی کردووەو بە وردی خانووبەرەی ناوبراویشیان پشکنیوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەر کردن و شوێنی راگیرانی رەزای حاجی ساڵە بۆ کەسووکاری ناوبراو روون نەبۆتەوە.