هێزە ئیتلاعاتییەکان لە پیرانشار لاوێکی کوردیان دەستبەسەر کرد

19:45 - 3 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی خەڵکی ناوچەی پیرانشار، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی پێنج‌شەممەی حەفتەی رابردوو رێکەوتی ١ی خەزەڵوەر لاوێکی خەڵکی شاری پیرانشار بەناوی ئیبراهیم خزری، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری پیرانشار لەزاری یەکێک لە نزیکانی ئەو لاوە کوردەوە رایگەیاندووە، ئیبراهیم لەکاتی بڵاوکردنەوە و داکوتانی بنێر و پوستێری تایبەت بەوەیکە بەهۆی \"کەمتەرخەمی\"ی پێرسونێلی نەخۆشخانەوە لە پیرانشار، خێزانەکەی منداڵێکی لەبار چووبوو، دەستبەسەر کراوە.

\"22854.jpg\"
سەرچاوەکە روونیشی کردۆتەوە، هێزە ئیتلاعاتییەکان تۆمەتی (شێواندنی رای گشتی)یان خستووتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە کوردە و هەتا ئێستاش لە دەستبەسەریدا هێشتوویانەتەوە.

دەگوترێ ئیبراهیم خزری بە مەبەستی پێشگیری کردن لە دووپاتبوونەوەی رووداوی مەرگی کۆرپە و منداڵ لە نەخۆشخانەکان و دەربڕینی هاودەردی لەگەڵ ئەو بنەماڵانەی کە تووشی رووداوی هاوشێوە بوون، پنێر و پوستێری تایبەتیی بڵاو کردۆتەوە.

بە گوتەی کەسوکاری ئیبراهیم خزری، رێکەوتی ٢٧ی رەزبەر خێزانی ناوبراو بەهۆی کەمتەرخەمیی پێرسونێلی نەخۆشخانەی \"خومەینی\" لە شاری پیرانشار منداڵەکەی لەبار چووە.