هێزە ئیتلاعاتییەکان لە مەهاباد، لاوێکی کوردیان دەستبەسەر کرد

14:46 - 19 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی خەڵکی مەهاباد، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەرو رەوانەی شوێنێکی نادیار کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی دوێنێ سێ‌شەممە رێکەوتی ١٨ی سەرماوەز، هێزەکانی سەربە وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری مەهاباد، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئەو شارەیان بەناوی ئاسۆ عەزیزی دەستبەسەر کرد.

بەگوتەی کەسوکاری ئاسۆ عەزیزی، هێزە ئیتلاعاتییەکان ناوبراویان لە شوێنی کارەکەی کە شیرکەتێکی شەخسی بووە، دەستبەسەر کردووە.

\"23545.jpg\"
ئاسۆ عەزیزی
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی عەزیزی، لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، ئێوارەی رۆژی رابردووش ١٠ مەئمووری لیباس شەخسی سەربە وەزارەتی ئیتلاعات چوونەتە ماڵی ئاسۆ عەزیزی و کۆمپیوتێر و سەرجەم کتێب و کەلوپەلی شەخسیی خۆی و خوشکی ناوبراویان لەگەڵ خۆیاندا بردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی راگیرانی ئاسۆ عەزیزی، لەبەر دەستدا نییە.

دەگوترێ پێشتریش ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی مەهاباد بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی دەستبەسەر و حوکمی ١ ساڵ زیندانیی بۆ بڕابوویەوە.

ساڵی ١٣٨٨، پەخشان عەزیزی خوشکی ئاسۆ عەزیزی بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە لەسێدارەدانی \"ئیحسان فەتاحیان\" لەلایەن هیزەکانی سەربە وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و زیاتر لە ٣ مانگ لە ژووری تاکەکەسیی زیندان ئەڤینی تاران لە دەستبەسەریدا بوو.