هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری سەرپێلی زەهاو هەڕەشەیان لە بنەماڵەیەکی کورد کرد

15:48 - 22 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەرپێڵی زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشان بێڕێزی و هەڕەشەیان لە بنەماڵەیەکی خەڵکی ئەو شارە کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بنەماڵەی مەجید قاسمی خەڵکی گوندی\"سەر قەڵا\"ی شاری سەرپێڵی زەهاو، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە هەڕەشەو بێڕێزیان پێکرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەرپێلی زەهاو ڕایگەیاند: گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان بۆ سەر بنەماڵەی قاسمی بە هۆی دەستبەسەر کردنی دوو کوڕی ئەو بنەماڵەیە بووە.

\"\"
موختار و محەممەد قاسمی
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە بە هەواڵنێری کوردپای ڕاگەیاند: دوو مانگ پێش یەکێک لە کوڕەکانی بنەماڵەی قاسمی بە ناوی\"موختار \" لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر و هەتا ئێستا لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەردەست دا نیە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، یەکێکی دیکە لە کوڕەکانی ئەو بنەماڵەیە بە ناوی\"محەممەد\" بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ ماوەی یەک ساڵ لە زیندانی شاری کرماشان دەستبەسەر و دواتر بە دانی بارمتەی ٣٦٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا بوو.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، ئیدارەی ئیتلاعات هەڕەشەی لە محەممەد قاسمی کردبوو لە ئەگەری هاوکاری نەکردنی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە دەبێ تەواو ژیانی خۆی لە زیندان تێپەڕێنێت و پاش هەڕەشەی ئیدارەی ئیتلاعات ناوبراو ون بووە.

ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەرپێڵی زەهاو بنەماڵەی قاسمییان خستووەتە ژێر گوشارەوە کە دەبێ شوێنی کوڕەکەیان بۆ ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە ئاشکرا بکەن.