هێزە ئیتلاعاتییەکان لە سەقز، چالاکێکی خوێندکارییان دەستبەسەر کردەوە

13:48 - 23 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: لەدرێژەی رەوتی فشار بۆ سەر خوێندکارە کوردەکان، چالاکێکی خوێندکاریی کوردی خەڵکی شاری سەقز، سەرلەنوێ لەلایەن ‌ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەردار پەرستار چالاکی خوێندکاریی کوردی زانکۆی زانست و لێکۆڵینەوەی تاران، رۆژی چوارشەممەی حەفتەی رابردوو رێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوە، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

ئەو چالاکە خوێندکارییە، رێکەوتی ٩ی خاکەلێوەی ئەمساڵ لەلایەن ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقزەوە دەستبەسەر و پاش ٢ رۆژ لێکۆڵینەوە، ئازاد کرا.

\"19008.jpg\"
سەردار پەرستار چالاکی خوێندکاریی کوردی زانکۆی زانست و لێکۆڵینەوەی تاران دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا
هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز رایگەیاند، هێزە ئیتلاعاتییەکان چوونەتە ماڵی سەردار پەرستار و دەستیان بەسەر کۆمپیوتێر و کۆمەڵێک کەلوپەلی شەخسیی ناوبراویشدا گرتووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە چارەنووس و شوێنی راگیرانی سەردار پەرستار چالاکی خوێندکاریی کوردی خەلکی شاری سەقز لەبەر دەستدا نییە.

سەردار پەرستار، کە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٢، بەهۆی رەخنە گرتن لە سەعید جەلیلی پاڵێورای پۆستی سەرکۆماری لە زانکۆی زانست و لێکۆڵینەوەی تاران دەرکرابوو، پاش گەڕانەوە بۆ شاری سەقز لەلایەن ئیدارەی ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکرابوو.