هێزە ئیتلاعاتییەکان لەپیرانشار سووکایەتی‌یان بە بنەماڵەیەکی کورد کرد

13:39 - 28 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتی و لیباس شەخسییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە پیرانشار، سووکایەتییان بە بنەماڵەیەکی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ئەو شارە کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە رۆژانی حەفتەی رابردوودا هێزە ئیتلاعاتییەکان چوونەتە ماڵی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی \"نمنج\"ی سەربە شاری پیڕانشارو سووکایەتی‌یان بە بنەماڵەی ئەحمەد سوڵتان کردووە و ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە بەرەوڕووی لێدانی هێزە ئیتلاعاتییەکان بوونەتەوە.

بەوتەی شایەتحاڵان، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی چوونە سەرماڵی ئەحمەد سوڵتان، وێڕای سووکایەتی کردن و لیدانی ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە، تێکڕای ژوورەکانی ئەو ماڵەشیان پشکنیوە.

دەگوترێت، کە هێزە ئیتلاعاتییەکان تۆمەتی هاوکاری کردن لەگەل یەکێک لە حیزبە کوردییەکان داوەتە پاڵ ئەو بنەماڵەیە و بەوهۆیەوە بێ‌ڕێزییان بەو بنەماڵە کوردە کردووە.

هەروەها کوڕێکی ئەو بنەماڵەیە بەناوی \"سیامەند سوڵتان\" بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا دەستبەسەر کراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کارەی هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ حوکمی یاسایی و قەزایی سووکایەتیی‌یان بەو بنەماڵەیە کردووە و خانووبەرەکەشیان پشکنیون، کە ئەمە ترس و نیگەرانیی لای دانیشتوانی ئەو گوندە پێکهێناوە.