هێزە ئیتلاعاتییەکان لاوێکی کوردیان لەشاری سنە دەستبەسەر کرد

14:33 - 9 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی رەوتی بانگهێشت و دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییان و چالاکانی کورد لە شاری سنە، لاوێکی کوردی خەڵکی شاری سنە لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، یەزدان حوسین پەناهی تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی شاری سنە، ناوی ئەو لاوە کوردەیە، کە رۆژی شەممە رێکەوتی ٦ی بانەمەڕ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لەو شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەر کرانی یەزدان حوسین پەناهی روون نەبۆتەوە و لە شوێنی راگیرانیشی هیچ هەواڵێک لەبەر دەستدا نییە.

\"19695.jpg\"
 یەزدان حوسین پەناهیلەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لەو شارە دەستبەسەر کرا
لەو پەیوندییەدا ماڵپەڕی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە، ئەو لاوە تەمەن ٢٣ ساڵەیە لە کاتی دەستبەسەر کرانییەوە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە و بەرپرسانی ئەمنیی شاری سنەش لە وڵامدانەوە بە بنەماڵەکەی خۆ دەبوێرن.

لەلایەکی دیکەوە سەر لە ئێوارێی رۆژی شەممەی رابردوو رەزا شەریفی بۆکانی لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری مەهابادەوە ئاگادار کراووتەوە، کە خۆی بەو ناوەندە ئەمنییە بناسێنێت.

سەرەڕای هەموو ئەو بەڵێنییانەی حەسەن رۆحانی لەمەڕ کرانەوەی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە وڵاتی ئێران، رەوتی فشار و دەستبەسەر کردنی چالاکانی سیاسی و کۆمەڵاتی و هەروەها لەسێدارەدانی هاووڵاتییان بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتی ئەحمەدی‌نژاد، هیچ گۆرانێکی بە خۆیەوە نەبینیوە.

ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتیی تایبەتیی کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران لەکاتی پێشکەش کردنی نوێترین راپۆرتی خۆی لەسەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران رایگەیاندبوو: بەداخەوە دەبێ بڵێم، سەرەرای ئەو وتانەی کە لەلایەن سەرکۆماری حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە هاتوونەتە ئاراوە و رەنگە هێندیک هەنگاوی بەرەو رێفۆرم هاویشتبێت، بەڵام بارودۆخی مافی مرۆڤ لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا هەروا جێگەی نیگەرانییە.