هێزە ئیتلاعاتییەکان ٤ لاوی کوردیان لە بۆکان و مەهاباد دەستبەسەر کرد

15:57 - 13 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: چوار هاووڵاتیی کوردی خەڵكی شارەکانی بۆکان و مەهاباد لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامییەوە دەستبەسەر و رەوانەی شوێنێکی نادیار کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە درێژەی رەوتی بەردەوامی دەستبەسەرکردنی لاوانی کورد لە کوردستان، چوار هاووڵاتیی خەڵکی ناوچەکانی بۆکان و مەهاباد لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانی شاری میاندواوەوە لە ماڵی خۆیاندا دەستبەسەر کران.

سلێمان کوردی - کوڕی رەحمان، کەیوان تەهازادە- کوڕی عوسمان، کەماڵ ئەحمەدزادە – کوڕی رەحیم سێ لاوی خەلکی گوندی گامێشگۆلیی ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان و کەسێکی دیکەش بەناوی هەڵمەت – کوری محەمەد و خەلکی قەرەگۆلی سەربە ناوچەی چۆمی مەجیدخانی بۆکان ناوی ئەو چاو هاووڵاتییە کوردەیە کە لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری میاندواوەوە دەستەبسەر کراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ هیزە ئیتلاعاتییەکانی شاری میاندواو ئەو چوار هاووڵاتییە کوردەیان لە ماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا دەستبەسەر کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی راگیرانیان بۆ بنەماڵە و کەسوکاریان روون نەبۆتەوە.

هەروەها رێکەوتی ٢ی سەرماوەز، دوو لاوی دیکەی خەڵکی گوندی گامێشگۆلیی بۆکان بەناوەکانی میلاد عەبدی و قاسم سپاهی کە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامییەوە دەستبەسەر کران، هەتا ئێستا لە دەستبەسەریدا ماونەتەوە.

بنەماڵەی ئەو دوو لاوە کوردە لەماوەی ئەو ٤٠ رۆژەدا چەندین جار سەردانی ناوەندە ئەمنییەکانی شاری بۆکانیان کردووە، بەڵام هەتا ئێستا چارەنووسی کوڕەکانیان بۆ روون نەبۆتەوە.