هێزە ئیتلاعاتییەکان، ٤ لاوی خەڵکی ناوچەی پاوەیان دەستبەسەر کرد

15:46 - 3 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: چوار لاوی کوردی خەڵکی دەوروبەری شاری پاوە، لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دستبەسەر کراون و هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی ئەو گیراوانە لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە ریکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ئەمساڵ سێ لاوی خەڵکی گوندی (نووریار)ی سەربە شاری پاوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کران.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری پاوە ناسناوی دوو کەس لەو سێ لاوە کوردەی خەلکی گوندی نووریاری کوورش وەلەد بەیگی و عوبەید وەلدبەیگی راگەیاندووە و هەتا ئیستا شوناسی ئەو لاوە کوردەی دیکەی خەڵکی گوندی نووریار بۆ ئاژانسی کوردپا روون نەبۆتەوە.

دەگوترێت، ئەو سێ لاوە کوردە، پاش ئەوەی دراونەتە زیندانی ناوەندیی شاری پاوە، بە ىریاری دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای ئینقلابی شاری پاوە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی و هەتا کاتی دادگایی کرانیان لە زیندان ئازاد کراون.

لەلایەکی دیکەوە لە رۆژی ٢٦ی خەرماندا، لاوێکی دیکەی خەڵکی باینگانی سەربە شاری پاوە، لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەستبەسەر کراوە.

ئەو لاوە کوردە، کە شوناسی بۆ هەواڵنێری کوردپا روون نەبۆتەوە، هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە شوێنی راگیران و چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.