هێزە ئیتلاعاتییەکان لاویکی روانسەرییان دەستبەسەر کرد

16:30 - 16 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری روانسەر هاووڵاتییەکی کوردیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کۆتاییەکانی حەفتەی رابردوودا لاویکی کوردی خەڵکی گوندی \"حەسەن‌ئاوا\"ی سەربە شاری روانسەر بەناوی شاسوار شاسواری لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و رەوانەی کرماشان کرا.

دەگوترێت، شاسوار شاسواری نەخۆشیی شێرپەنجەی هەیە و لە رۆژی ١١ی مانگی بانەمەڕەوە لە گرتنگەی کرماشان لە دەستبەسەری‌دایە و هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

ماڵپەڕی \"سلام کورد\" بڵاوی کردۆتەوە، ئەو لاوە کوردە بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە گوتاربێژیی \"غەیرە ئایینی\"ی پێش‌نوێژی گوندی حەسەن‌ئاوای شاری روانسەر دەستبەسەر کراوە.

دانانی پێش نوێژ و مەلای ئایینیی مزگەوتەکان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە تایبەت بۆ پەیڕەوانی سوننی مەزهەب لەلایەن ناوەندە ئەمنیەکان و ئیدارەی ئەوقافەوە، لەگەڵ ناڕەزایەتیی بەردەوامی خەڵک بەرەوڕوو بۆتەوە و مزگەوتەکان بە ئاشکرا بوونەتە شوێنێک بۆ برەودان بە بیری توندڕەوی ئایینی و ئایدیۆلۆژیای حکوومتی ئیسلامیی ئێران.

\"19828.jpg\"
شارام ئەحمەدی و ئارەش شەریفی دوو زیندانیی کوردی پەیڕەوی سوونی مەزهەب
هەروەها لە چەند رۆژی رابردوودا دوو کەس لە زیندانیانی سوننی مەزهەب لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج بەرەوڕووی حوکمی نوێ و نەخۆشی بوونەتەوە.

سەرلە بەیانیی رۆژی رابردوو دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران شەهرام ئەحمەدی، زیندانیی عەقیدەتی کوردی مەحکووم بە سێدارەی بانگهێست کردووە.

هەروەها راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کە ئارەش شەریفی زیندانیی مەزهەبیی کورد چاوەکانی تووشی کەم‌بینایی بوون.

ئارەش شەریفی کە حوکمی سێدارەی بۆ بڕاوەتەوە، چاوەکانی بەتەواوەتی کەم حوکم بوونە و لە زینداندا تووشی نەخۆشیی \"ئاسم\"یش هاتووە.