هێزە ئیتلاعاتییەکان سێ هاووڵاتیی کوردیان دەسبەسەر کرد

22:25 - 11 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان سێ هاووڵاتیی کوردیان لە شاری مەریوان دەسبەسەر کرد و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ڕاگواست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری مەریوان ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کوردیان لەو شارە دەسبەسەر کردووە.

لەو پەیوەندیەیدا، ڕۆژی دووشەممە ٨ی گەلاوێژ، \"عۆسمان دڵاوێز\" و \"محەممەد کەرەمی\" خەڵکی گوندی \"گوێزە کوێرە \" و \"ئەکبەر سەمەدی\" خەڵکی مەریوان لە لایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون و هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ئەو سێ هاوووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.

\"ئەکبەر سەمەدی\" لە چوارڕێیانی \"بابۆیە\"ی شاری مەریوان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە ڕفێندراوە و \"محەممەد کەرەمی\"ـش لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کراوە.

سەرچاوە خۆجێیەکان هەروەها باس لە دەسبەسەریی بەربڵاوی دانیشتوانی گوندی \"گوێزەکوێر\"، \"چۆڕ و نەنە\"، \"دەرێ\"و \"شێخە کوێرە\" دەکەن.

دەوترێ، هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەم هاووڵاتییانەیان بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کردووە.