هێزە ئیتلاعاتییەکان رێگرییان لەبەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ساڵیادی کیانووش ئاسا کرد

21:55 - 24 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کرماشان، رێگرییان لە بەرێوەچوونی رێوڕەسمی ساڵیادی کوژرانی کیانووش ئاسا چالاکی خوێندکاریی کورد کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کاتێکدا بڕیاربوو رۆژی پێنج‌شەمەی رێکەوتی ٢٢ی جۆزەردان رێوڕەسمی پێنجەمین ساڵیادی کوژرانی کیانووش ئاسا چالاکی خوێندکاریی کورد، لە شاری کرماشان بەرێوە بچێت، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە پێشی پێگیرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ رێوڕەسمی ساڵیادی کوژرانی کیانووش ئاسا لەلایەن کانوونی \"باران\"ی کرماشانەوە رێکخرابوو، کە ئەو رێوڕەسمە بەهۆی هەڕەشەی دەزگا ئیتلاعاتییەکانەوە هەڵوەشایەوە.

بڕیاربوو ژمارەیەک چالاکی مافی مرۆڤی وەک \"نەرگس محەمەدی\"، کە ماوەیەک پێش ئێستا لە زیندان ئازادبوو، لەو رێوڕەسمی پێنجەمین ساڵیادی کوژرانی (کیانووش ئاسا)دا بەشدار بێت.

کیانووش ئاسا خوێندکاری کارناسیی باڵای ئەندازیاریی \"شیمی\" لە زانکۆی \"عیلم و سەنعەت\"ی تاران بوو، کە رێکەوتی ٢٥ی جۆزەردانی ساڵی ٨٨ی هەتاوی و لە ئەنجامی لە ئاڵۆزییەکانی دوای هەڵبژاردنی سەرکۆماریی لە ئێران، بە دەستی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامی لە تاران گیانی لێ ئەستێندرا.