هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری بانە چوار هاووڵاتییان دەستبەسەر کرد

21:35 - 15 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنیەتییەکان حکوومەتی ئێران لە شاری بانە چوار کەسیان لە بەرپرسانی کاناڵی تێلگرامی ئەو شارە دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ چوار شەممە ١٥ خەرمانان، هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران، چوار کەس لە بەرپرسانی کاناڵی تێلگرامی شاری بانەیان دەستبەسەر کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بانە شوناسی سێ کەس لەو چوار کەس کە ئەندامانی بەڕێوەبری کاناڵی تێلگرام شاری بانە بوون بەم چەشنە ڕاگەیاندراوە.

١-ئارمان فەرەج پوور بەرپرسی کەناڵی تێلگرامیی بانە ڕووداو

٢ـ شوجاع حوسێن زادە بەرپرسی کەناڵی تێلگرامیی بانە نیوز

٣ـ ئارام خاکی بەرپرسی کەناڵی تێلگرامی بانە هەواڵ ڕاگەیاندراوە.


هەروەها بەرپرسی کانالی تێلگرامی پرسە و سەرخۆشییەکانی ئەو شارە دەستبەسەر کراوە کە هەتا ئێستا شوناسی بۆ ئاژانسی کوردپا ناروونە.

هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری بانە ئەو چوار کەس دەستبەسەر کراوەیان بە تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ مانگرتن و هاتنە سەر شەقام دەستبەسەر کردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، هێزەکانی سپای پاسداران لە شاری بانە سێ هاووڵاتیی کوردیان بە ناوەکانی \"جەلال ساوان، کوردۆ حوسێن پوور و ئەحمەد شەفیعی\" لە پەیوەندیی لەگەڵ مانگرتنی هاووڵاتییانی شاری بانە و چوونە سەر بینای فەرمانداری شاری ئەو شارە دەستبەسەر کرابوون.