هێزە نیزامییەکان کۆڵبەرێکی کوردیان کوشت و سێ منداڵی لە پاش بەجێما

16:00 - 30 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای ناڕەزایەتی دەربڕینی بەردەوامی ناوەندە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ لەمەڕ کوشتن و تەقە کردن لە کۆڵبەران، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە بەردەوامی تەقە لە کۆڵبەران دەکەن و دەیانکوژن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی گوندی \"گوڵێنە\"ی سەربە ناوچەی سەردەشت بەناوی ئازاد شێخەیی، کە لەسەر سنوور سەرقاڵی کۆڵبەری کردن بوو، لە ئەنجامی تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا لەسەر سنوور کوژرا.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەو کٶڵبەرە کوردە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ئازاد لە کاتی گەرانەوە لە سنوور کەوتۆتە بۆسەی هێزە چەکدارەکان و بەبێ ئاگادار کردنەوە، لەلایەن ئەو هێزانەوە دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و گیانی لێ ئەستێندراوە.

هەروەها گوتیشی: ئازاد شێخەیی تەمەن ٣٤ ساڵ، کە بەهۆی بێ دەرەتانی و دابین کردنی بژیوی ژیان رووی لە کۆڵبەری کردن لە سنوورەکان کردبوو، خێزاندار و باوکی سێ منداڵیش بووە.

ئازاد شێخەیی لە شوێنێک بەناوی \"مێرگاس\" بەدەستی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران،گیانی لێ ئەستێندراوەو تەرمەکەشی پاش ٢ کاتژمێر لەلایەن خەڵکەوە دۆزراوەتەوەو رەوانەی پزیشکی دادوەریی شاری سەردەشت کراوە و هەتا ئێستا تەرمەکەی رادەستی کەسوکاری نەکراوەتەوە.

پێشتر محەمەد ساڵح نیکبەخت لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا باسی لەوە کردبوو، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، تێکڕای حاڵەتی کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد، لەلایەن ناوەندە قەزاییەکانەوە بەشێوە ئەنقەست (شبە عمد) و غەیرە ئەنقەست (غیر عمد) لە قەڵەم دراون، بۆیە هیچکام لە بکوژی کۆڵبەران و بەرەوڕووی سزا نەبوونەتەوە.