هێزە نیزامییەکان، لە سنووری ورمێ کۆڵبەرێکی کوردیان بریندار کرد

16:20 - 5 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد، خەڵکی شاری سەڵماس بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران بریندار کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی لە ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد، لە سنووری پارێزگای ورمێ و تورکیە کۆڵبەرێکی کورد بریندار بوو.

هەواڵنێری کوردپا، لە شاری ورمێ شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردەی بە \"عەزیز ئەمین پوور\" تەمەن ٢٠ ساڵ، خەڵکی شاری سەڵماس ڕاگەیاندووە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی شاری ورمێ کراوە و هەنووکە لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دایە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد، لە ناوچەی سنووریی \"شلێر\" لە نێوان گوندەکانی \"باریکەدەر\" و \"هەنجیران\" دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە.

لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەتیی، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"ئەمیر\" خەڵکی شاری سەقز بە سەختی بریندار بووە.