هێزە نیزامییەکان لە سنووری نەوسوود هاولاتییەکی کوردیان دەستبەسەر کرد

20:40 - 1 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی هەورامان لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە لەسەر سنوور دەستبەسەر کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەرلە ئێوارێی رۆژی رابردوو رێکەوتی ٣١ی خاکەلێوە هێزە نیزامییەکانی پایەگای \"بروونی\"، هاووڵاتییەکی کوردیان بەناوی نەعیم کوڕی سەدیق و خەڵکی گوندی \"تشار\"ی سەربە شاری نەوسوود، دەستبەسەر کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ هێزە نیزامییەکان پایەگای بروونی، نەعیمی خەڵکی تشارییان بە گومانی کۆڵبەری کردن لە سنوور دەستبەسەر کردووە، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ناوبراو هەڵگری هیچ بار و کەلوپەلێک نەبووە.

همان سەرچاوەیە گوتیشی؛ ئەو هاووڵاتییە کوردە هەتا ئێستا ئازاد نەکراوە و لە دەستبەسەریی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا ماوەتەوە.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، کاتژمێر ١٠ هەتا ١١ی شەوی رابردوو، هێزە نیزامییەکانی پایەگای بروونی ١٠ سەر ئەسپی بارهەڵگری کاسبکارانیان بە بارەکانیانەوە زەوت کردووە.

دەگوترێت، هێزە نیزامییەکان بە کۆڵبەرانیان راگەیاندووە؛ \"ئەگەر هەر کۆڵبەرێک بڕی ٢ ملیۆن تمەن پارەیان پی بدات، ئەسپە بارهەڵگرەکەی پێ ئەدرێتەوە\".