هێزە نیزامییەکان، لە جاددەی کرماشان هاووڵاتییەکی کوردیان کوشت

14:57 - 7 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە جاددەی نێوان شاری پاوە بۆ کرماشان لاوێکی کوردی خەڵکی شرای پاوەیان کوشت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی رابردوو رێکەوتی ٦ی پووشپەڕ هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری پاوە، کە بە ماشێن بەرەو شاری کرماشان دەڕۆیشت، لە شوێنیک بەناوی جاددەی گراوەند، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژرا.

\"20817.jpg\"
فەرشاد حوسینی بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژرا
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، تەنیا بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە گیانی لێ ئەستێندراوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: تەرمی فەرشاد حوسینی لە نەخۆشخانەی تاڵەقانیی شاری کرماشان راگیراوەو هەتا ئێستا رادەستی کەسووکاری نەکراوەتەوە.

پێشتر محەمەد ساڵح نیکبەخت، پارێزەر لە دادگاکانی ئێران، لە لێدوانیکدا بۆ ئاژانسی کوردپا باسی لەوە کردبوو، ئەگەر هێزە نیزامییەکان لە کەسێک بە گومان بن و ئەو کەسەش ماشێنی پێ بێت، دەبێ لە سەرەتادا تەقە لە تەگەری ماشێنەکە بکرێت، کە ئەمە دەبێتە هۆی راوەستانی ماشێنەکەو لە ئەنجامدا گرتنی شۆفیرەکە، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هیچکام لە ماددە یاساییەکان رەچاو ناکرێن و لە یەکەم حاڵەتدا ئەو هێزە نیزامییەکان تەقە لە شۆفیرەکان دەکەن.

ئەو پاریزەرە کوردە ئاماژەی بەوەش کردبوو، مەئموورانی حکوومەتی بە پاساوی دوور بوونی ماشێن یان ئەو کەسەی تەقەی لێ دەکەن، لە بەدواداچوونی قەزایی بێبەری دەبن و بە گوتەی نیکبەخت،  لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، تێکڕای حاڵەتی کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکاران لەلایەن دادگاوە بەشێوەی ئەنقەست (شبە عمد) و غەیرە ئەنقەست (غیر عمد) لە قەڵەم دراون.
\"20816.jpg\"

\"20847.jpg\"