هێزە نیزامییەکان لاوێکی کوردیان لە شاری سنە بریندار کرد

13:59 - 4 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی دەستڕێژی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە شاری سنە بۆ سەر لاوێکی کورد، بە توندی بریندار کرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە شاری سنە لاوێکی خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوی \"نادر ئازادتورنیا\" داوەتە بەر لێدان و ئەو لاوە کوردەش بەرگری لەخۆی کردووە و لە ئاکامدا لەلایەن ئەو هێزانەوە تەقەی لێکراوە و بە توندی برینداریان کردووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو رووداوە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: کە ئەو لاوە کوردە بەهۆی قووڵێ برینەکانییەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە هەتا ئێستا هێزە نیزامییەکان ئیزنیان بە بنەماڵەی \"نادر ئازادتورنیا\" نەداوە کە چاویان بە کوڕەکەیان بکەوێ.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە هۆکاری تەقە کردنی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لەو لاوە کوردە لە ساری سنە روون نەبۆتەوە.

بەپێێ ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ساڵی ١٣٩١ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران ٣٣ هاووڵاتیی کورد بە هۆکاری جۆراوجۆر لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە لەناو شار، سەر جادەکان تەقەیان لێکراوە و بوونەتە قوربانی.

لە کۆی ئەو رێژەیە ٢١ کەسیان کوژراون و ١٢ کەسەی دیکەش بریندار بوون.

ئەم ئامارە بە پشت بەستن بە ئاماری ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو کراوەتەوە، بێگومان ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاترە.