هێزە نیزامییەکان دوو هاووڵاتیی کوردیان لە شارەکانی سەلاسی باوەجانی و ورمێ بریندار کرد

21:19 - 16 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی سەلاسی باوەجانی و ورمێ لە خاڵە سنوورەییەکانی ئەو شارە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بریندار کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٥ی بانەمەڕ هاوولاتییەکی خەڵکی گوندی قاڵیچەی سەربە شاری سەلاسی باوەجانی لەسەر سنووری شێخ سەڵە، لەئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا بریندار کرا.

ناسنامەی ئەو هاووڵاتییە کوردە یاسین رەزایی کوڕی دەروێش ئەحمەد راگەیاندراوە، کە بەهۆی تەقەی هێزە نیزماییەکانەوە تووشی برینداری هاتووە.

هەواڵنێری کوردپا لەشاری سەلاسی باوەجانی رایگەیاند، دوابەدوای بریندار کرانی ئەو هاووڵاتییە، خەڵکی گوندی قاڵیچە چوونەتە شوێنی رووداوەکە و لە ئەنجامدا شەڕ و تێکهەڵچوون لەنێوان خەڵک و هێزە نیزامییەکاندا هاتۆتە ئاراوە و سێ کەس لە مەئموورانی هێزی ئینتزامی بریندار کراون.

هەنووکە یاسین رەزایی لە نەخۆشخانەی شاری سەلاسی باوەجانی لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

لەلایەکی دیکەوەوبەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی یەکشەممە رێکەوتی ١٤ی بانەمەڕ هاووڵاتییەکی کورد بەناوی فەیسەڵ و خەڵکی گوندی \"سووسن‌ئاوا\"ی سەربە ناوچەی مەرگەوەڕ بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بریندار کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو هاووڵاتییە کوردە لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە دوو گولـلەی لێدراوە و بە توندی بریندار بووە.

دەگوترێت، فەیسەڵ خێزاندارە و باوکی دوو منداڵیشە، کە بۆ دابین کردنی بژێویی ژیانی رووی لە خاڵی سنووریی \"خاکورک\" کردووە.

فەیسەڵ کە دەستی و سکی بە گولـلەی هێزە نیزامییەکانی حکومەتی ئیسلامیی ئێران پێکراوە، بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە هەتا ئیستا لە نەخۆشخانەی شاری ورمێ‌دا ماوەتەوە.