هێزە نیزامییەکانی ئێران لە سنووری حاجی ئۆمەران گوشارییان خستۆتە سەر موسافیرەکان

16:06 - 15 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە خاڵی سنووریی \"حاجی ئۆمەران\" کێشە و ئاریشەیان بۆ موسافیرەکان درووست کردووە.

بە پێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران ئەو کەس و ماشێنانەی کە لە سنووری \"حاجی ئۆمەران\"ەوە ئاودیوی هەرێمی کوردستان دەبن، بە شێوەیەکی چڕ دەپشکنن و بۆ ماوەیەکی زۆرێش ئیزنی روێشتنیان پێ نادەن.

هەواڵنێری کوردپا ئاماژەی بەوەش دا: پشکنینی هێزە نیزامییەکان، تێکڕای ئەو کەس و ماشێنانەی کە بەمەبەستی گەشتوگوزاریش روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، دەگرێتەوە و رێگا بە هێنانی هیچ جۆرە خواردەمەنییەک و تەنانەت دیاری بۆ کەسانی نزیکیش نادەن.

\"9654.jpg\"
یەکێک لە شایەتحاڵان بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: زۆرێک لەو کەسانە کە بەمەبەستی کار کردن روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن لە لایەن هێزەکانی جێگیر لەو سنوورە تەنگەژەیان بۆ درووست دەکرێ و زۆر جاریش بۆ وەرگرتنی واژۆی پاسپۆرت، دەبێ ٣ رۆژ چاوەڕوان بن.

هەر لەو پێوەندییەدا حکوومەتی ئێران بۆ کۆنترۆل کردنی نرخی دراوە بیانییەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر گران بوونی نرخی شتومەکی پێویستی رۆژانەی خەڵک، هەناردەی ٥٠ جۆر کاڵا و شتومەکی بۆ دەرەوەی ئێران قەدەغە کردووە.

کەیوان کاشفی بەرپرسی ژووری بازرگانیی کرماشان رەخنەی لەو هەڵوێستەی دەوڵەت گرتووە و رایگەیاندوە کە لەگەڵ جێبەجێ بوونی ئەو بڕیارە بە هەزاران تۆن شتومەک لە سنوورەکانی ئێراندا بە سەرلێشێوای ماونەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو هەڵوێستەی دەوڵەت ناتێگەیشتوانە بووە و زۆربەی کەرتەکانی بەرهەمهێنان بەرەوڕووی داخران دەکاتەوە.