هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، دوو سەر ئەسپی کاسبکارێکی کوردیان کوشت

14:49 - 2 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکان حکوومەتی ئێران لە ناوچەی هەورامان دوو سەر ئەسپی کاسبکارێکی کوردیان کوشت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو ١ی خەرمانان، لە کەلی تەتە، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران دوو سەر ئەسپی کاسبکارێک بە کوشت چوون.

لە ئەنجامی بۆسە نانەوەی هێزە نیزامییەکان لە سەر ڕێی کاسبکاران لە کەلی تەتە. دوو سەر ئەسپ بە کوشت چوون.

پێشتر، فەرماندەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران ڕەخنەی لە هێندێک لە بەرپرسان گرت، کە پشتیوانی لە\"قاچاغچی شتومەک و چەکوچۆڵ و کۆڵبەر دەکەن و گوتی: ئەو کەسانەی که پشتیوانی لە کۆڵبەران دەکەن، بوار بۆ چالاکیی کەسانی بەرژەوەندیخواز دەڕەخسێنن.

قاسم ڕەزایی فەرماندەی سنوورپارێزانی هێزی ئینتزامیی لە بەشێک لە قسەکانیدا وتوویەتی: \"هێندێ زانیاری لەبەر دەست دایە، کە قاچاغچییەکان چەک و تەقەمەنی لە سنووری باکووری ڕۆژئاوای ئێران به گرووپگەلێک دەگەینن، کە ئێمە هەنووکە بە شوێن دۆزینەوەی ئەوان داین\".

هەروەها ئەو فەرماندەی ئینتزامییە باسی لە \"داخستنی سنوورەکان\"یش لە لایەن سنوورپارێزانەوە کرد.