هێزە نیزامییەكانی حكوومەت لە بۆكان هاووڵاتییەكی كوردیان كوشت

17:13 - 1 بەفرانبار 2711
كوردپا: لە ئەنجامی دەستڕێژی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە دەوروبەری شاری بۆكان لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا هاووڵاتییەكی كورد گیانی لێ‌ ئەستێنرا.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە بۆكان، شەوی سێشەممە رێكەوتی 29ی سەرماوەز هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لەسەر جادەی نێوان گوندەكانی بۆگەبەسی- حەسار لە ناوچەی تورجانی بۆكان دەستڕێژییان لە ماشینی پژۆی شەخسیی هاووڵاتییەكی كورد بەناوی\"ئاوات رەحیمی\" كوڕی محەممەد كردووە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.

هەواڵنێری كوردپا لە درێژەدا رایگەیاندووە، ئاوات رەحیمی تەمەن 20 ساڵان و خەڵكی شاری مەهاباد بووە.

هەتا كاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە هۆكاری دەستڕێژ و كوشتنی ئەو هاووڵاتییە كوردە لەلایەن هێزە نیزامییەكانی ئێرانەوە رانەگەیەنراوە.

لە ماوەیدوو مانگی رابردوودا هەتا ئێستا دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر شۆفێران لەسەر جادەی ناوچە كوردنشینەكانی ئێران، بۆتە هۆی كوژران و بریندار بوونی 7 هاووڵاتیی كورد كە لەو رێژەیە 3 كەسیان كوژراون و 4ی دیكەشیان بریندار بوون.