هێزە لیباس شەخسییەکان، چالاکێکی مافی ژنانیان لە شاری سنە دەستبەسەر کرد

13:02 - 6 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مافی ژنان لە شاری سنە لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی سەربە وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا، هێزە لیباس شەخسییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، چالاکێکی ژن یان لە شاری سنە بەناوی \"مەنیژە سادقی\" دەستبەسەر کرد.

مەنیژە سادقی، کە یەکێک لە چالاکانی مافی منداڵانیش بووە، رۆژی چوارشەممە ریکەوتی ٥ی سەرماوەز، لە ماڵی خۆیدا و لەلایەن مەئموورانی ناسراو بە لیباس شەخسییەوە دەستبەسەر کراوە.

\"23326.jpg\"
منیژە سادقی، ساڵی ٨٩ی هەتاویش دەستبەسەرو بە ٣ مانگ و یەک رۆژ زیندانی، مەحکووم کرابوو
بە گوتەی شایەتحاڵان، هێزە لیباس شەخسییەکان لە کاتی دەستبەسەر کردنی ئەو چالاکەی مافەکانی ژنان و منداڵاندا، ماڵەکەشیان پشکنیووە.

دەگوترێ، کە ئەو هێزانە کۆمەڵێک کتێب و کەلوپەلی شەخسی و هەروەها کامپیوتێر، مۆبایلی خۆی و منداڵەکانیشیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە.

مەنیژە سادقی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاویش لە کاتێکدا بە مەبەستی ئاگاداربوون لە حوکمی دادگا، سەردانی دادگای ئینقلابی سنەی کردبوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

ئەو چالاکە کوردە، بە تۆمەتی تێکدانی نەزمی گشتی لە رێگەی ئەنجامدانی چالاکیی سیاسییەوە، حوکمی ٩١ رۆژ زیندانی کرانی بۆ بڕابوویەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە شوێنی راگیران و هۆکاری دەستبەسەرکرانی مەنیژە سادقی، لەبەر دەستدا نییە.