هێزە لیباس شەخسییەکان هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆیان دەستبەسەر کرد

15:45 - 9 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە لیباس شەخسییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ سەر بە پارێزگای ورمێ، هاووڵاتییەکی کوردیان دەستبەسەر کرد.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو، ٨ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی، هێزە لیباس شەخسییەکانی حکوومەتی ئێران هاووڵاتییەکی ئەو شارەیان لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە دەستبەسەر کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری شنۆ ڕایگەیاند، گرووپێکی ١٠ کەسی لە هێزە لیباس شەخسییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەستبەسەر کردووە.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە \"ئەمیر پەیغامی\" تەمەن ٢٨ ساڵ ڕاگەیاندووە.

\"\"
ئەمیر پەیغامی
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە ڕایگەیاند؛ بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ دەستخستنی زانیاری لە چارەنووسی کوڕەکەیان سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ‌یان کردووە، بەڵام بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعات هیچ وەڵامێکی ڕوونیان پێ نەداونەتەوە.

ئەمیر پەیغامی برای \"خالید پەیغامی\" یەکێک لەو کەسانەیە کە لە شەڕی \"قەرەسەقەل\"دا گیانی لەدەست دا.

٢٦ی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو هێزەکانی سپای پاسداران هێرشیان کردە سەر گوندی \"قەرەسەقەل\"ی سەر بە شاری شنۆ و لەگەڵ پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تووشی شەڕ بوون.

لەو شەڕەدا ٦ پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بە ناوەکانی \"کەماڵ خزری، محەممەد خالید پەیغامی، لوقمان شێخانی، جەماڵ ئیسماعیلی، سەلاح نادری و سەید عومەر حوسێنی\" گیانیان لەدەست دا.

هەروەها لەو شەڕ و پێکدادانەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزکانی سپای پاسداران و جێگری فەرماندەی سپای شنۆ کوژران.