هێزە خۆجێیەکانی سپا لە مەریوان خوازیاری حوکمی ئێعدامی سێ هاووڵاتیی کورد بوون

03:06 - 31 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە خۆجێیەکانی سپای پاسداران لە دژکردەوەی شەڕ و تێکهەڵچوونی شاری مەریوان خوازیاری جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامی سێ زیندانیی سیاسی کورد لە گرتووخانەکانی سنە و ڕەجایی شاری کەرەج بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە خۆجێیەکانی سپای پاسداران لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی ١١ کوژراوی سپا لە شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان، خوازیاری بەڕێوەچوونی حوکمی لە سێدارەدانی سێ زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی \"زانیار مورادی، لوقمان مورادی و ڕامین حوسێن‌پەناهی\" بوون.

کاناڵە تێلێگرمییەکانی سپای پاسداران لەو بارەیەوە ڕایانگەیاندووە: \"بەشداربووەکانی ناشتنی تەرمی کوژراوەکانی شەڕی مەریوان کە پێکهاتبوون لە \"بنەماڵەی کوژراوەکان و پێشمەرگە موسڵمانەکانی کورد و هێزە \"مومن\" و بەڵێندەرەکانی ئینقلابیی کورد \"خوازیاری بەڕێوەچوونی حوکمی ئێعدامی تێروریستەکان زانیارمورادی و لوقمان مورادی و ڕامین حوسێن‌پەناهی بوون، کە لە شاری مەریوان و سنە هەوڵی کاری تێروریستیان داوە.

زانیار و لوقمان مورادی رێكەوتی ١٠ی گەلاوێژ و ٥ی رەزبەری ساڵی ١٣٨٨دوو لاوی كورد بە تۆمەتی كوشتنی كوڕی ئیمام جومعەی شاری مەریوان لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەكانی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر كران.

ئەو ٢ زیندانییە هەتا ٩ مانگ پاش لە دەسبەسەر کران، هیچ تاوانێكیان نەدرابوویە پاڵ و لە گرتنگەكانی ئیتلاعات دەسبەسەر کرابوون و سەرئەنجام مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٨٩ لە لایەن قازی سەڵواتی لە لایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە تاوانی \"شەڕ لەگەڵ خودا\" حوكمی سێدارە و بەڕێوەبەردنی ئەو حوکمەیان لەبەر چاوی خەڵکیان، بۆ بڕایەوە.

ڕامین حوسێن پەناهی ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕ لە شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان هێزەکانی سپای پاسدران لە شاری سنە بە سەختی بریندار بوو و لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و پێش تەواوکردنی کاروباری دەرمانی لە نەخۆشخانەی شاری سنە بۆ گرتووخانەی سپا گواسترایەوە و پاشان له دادگای ئینقلابی شاری سنە لە حوکمێکدا ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەی بە تۆمەتی \"بغی\" و ئەندامبوون لە کۆمەڵە بە ئێعدام مەحکووم کرد.

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ئەمساڵ لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات لە شاری قوم حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی پشتڕاست کردەوە.