هێزە حکوومەتییەکان پاش بریندار کردنی کۆڵبەرێکی کورد، ناوبراویان دەستبەسەر کرد

16:02 - 23 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد لە شاری سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان، پاش بریندار بوون لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە، دەستبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ١٠ی جۆزەردان، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی سەلاسی باوەجانیان دەستبەسەر کرد.

هەواڵنێری کوردپا لەو بارەیەوە ڕاگەیاند: جەهانگیر ئەحمەدیان کوڕی محەممەد ساڵح ڕۆژی دووشەممە ١٥ی جۆزەردان، پاش بریندار بوونی لە لایەن نیزامییەکانی حکوومەت، دەستبەسەر کراوە.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران ماشینی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاغ داوتە بەر دەستڕێژی گوللە.

ئەو کۆڵبەرە کورد لە ئەنجامی ئەو دەستڕێژیەدا، لاقی بە سەختی بریندار دەبێت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەتا ئێستا بنەماڵەی ئەحمەدیان لە چاوپێکەوتن لە گەڵ کوڕەکەیان بێبەرین و هەروەها هیچ زانیاریەک سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢١ جۆزەردان، هەشت سەر ئەسپی کاروانچییەکان لە ناوچەی چۆمان سەر بە شاری پیرانشار بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکان بە کوشت چوون و شتومەکی ئەو کاسبکارانەش لە لایەن هێزە نیزامییەکانەوە دەستی بە سەردا گیرا.