هێزەکانی ئیتلاعات هەوڵی دەسبەسەر کردنی کۆڵبەرێک دەدەن

21:04 - 28 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد پاش ڕاوەدوونانی هێزە ئیتلاعاتییەکان، هەڵاتووە و خۆی لە شوێنێکی نادیار لە ترسی دەستبەسەر کردن حەشار داوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"محەممەد زەمانی فەڕ\" تەمەن ٢٦ ساڵ، خەڵکی گوندی \"بێتووش\" ی سەردەشت لەژێر چاوەدێری هێزە ئیتلاعاتییەکاندایە و ئەو هێزانەش هەوڵی دەستبەسەرکردنی ناوبراو دەدەن.

یەکێک لە نزیکانی ئەو کۆڵبەرە کوردە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاندووە: محەممەد زەمانی فەڕ لەگەڵ ژمارەیەک لە کاسبکارانی کورد ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز کرانە ئامانجی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکان و دوو کەس لە کاسبکاران بە ناوەکانی \"عوسمان ئەحمەدی\" کوڕی عەبدوڵڵا، تەمەن ٢٠ ساڵ و \"محەممەد بەهرامی\" کوڕی ڕەحمان، تەمەن ٢٠ ساڵ گیانیان لە دەست دا.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: هێزە ئینتزامییەکان پاش تەقە کردن لە کاسبکاران، دەستیان گرتووە بە سەر کەلوپەلی کاسبکاران و پاش گیان لە دەستدانی ئەو دوو کاسبکارە سەردەشتییە، محەممەد زەمانی فەڕ هەڵاتووە و هێزە حکوومەتییەکان لە هەوڵی دەستبەسەر کردنی ناوبراو دان.

بەپێی ئەم هەواڵە لە دوو ڕۆژی رابردوودا، هێزەکانی ئیتلاعات بۆ دەستبەسەر کردنی ئەو کۆڵبەرە کوردە چوونەتە گوندی بێتووش و دەستیان کردووە بە پشکنینی ماڵی ناوبراو، بەڵام لەو هەوڵەیان بۆ گرتنی ئەو کۆڵبەرە کوردە سەرکەوتوو نەبوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە کوردە شایەتی تەقەی هێزە ئینتزامییەکان و کوشتنی ئەو دوو کاسبکارە کوردە لەلایەن ئەو هێزە حکوومەتییانەوە بووە.

کاتژمێر ١ی نیوەشەوی ٢٦ی سەرماوەز، هێزە ئینتزامییەکان لە گوندی \"بێتووش\" سەر بە شاری سەردەشت، دەسڕێژیان لە ژمارەیەک کاسبکاری کوردی ئەو ناوچەیە کرد، کە لە ئاکامدا دوو کاسبکاری کورد بە ناوەکانی عوسمان ئەحمەدی\" کوڕی عەبدوڵڵا، تەمەن ٢٠ ساڵ و \"محەممەد بەهرامی\" کوڕی ڕەحمان، تەمەن ٢٢ ساڵ و خێزاندار گیانیان لە دەست دا.