هێزەکانی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد هاووڵاتییەکی کوردیان دەستبەسەر کرد

16:08 - 16 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری مەهاباد سەر بە پارێزگای ورمێ، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چوارشەممەی حەوتووی ڕابردوو، هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٧ ساڵەی خەڵکی شاری مەهاباد، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەهاباد شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە\"شەماڵ عەزیزی\" ناسراو بە شەماڵ سۆزە تەمەن ٢٧ ساڵ ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو هاووڵاتییە کوردە لە کاتی هاتنە دەرەوە لە ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی شایگان دەستبەسەر کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، شەماڵ عەزیزی ماوەی ٨ مانگ لە هەرێمی کوردستان خەریکی کاری نەجاڕی بووە و پاش گەڕانەوە بۆ مەهاباد لە لایەن سێ کەس لە مەئموورانی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دستبەسەر کرا.

هەتا کاتی بڵابوونەوەیی ئەم هەواڵە، بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە دەستبەسەر کراوە هیچ زانیارییەکیان لە بارەی دەستبەسەر کردن و شوێنی ڕاگیرانی کوڕەکەیان نییە.

هەر لەو پەیوەندیەیدا، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، ٧ کەس لە هاووڵاتییانی ناڕازی لە شاری بانە لە لایەن سپای پاسداران و هێزە ئەمنیەتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراون.