هێزی ئینتزامی لە شارەکانی کەنگاوەر و ماکۆ ماهوارە کۆ دەکاتەوە

14:24 - 14 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: شەپۆلێکی نوێی کۆکردنەوەی دیش و دەزگای ماهوارە لەلایەن هیزە ئینتزامییەکانی شاری کەنگاوەرەوە لە ئوستانی کرماشان دەستی پێکردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ئەم حەفتەیەوە هەتا ئێستا هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران چەندین جار لە شاری کەنگاوەر دیشی سەربانی ماڵی هاووڵاتییانی شارەکەیان کۆکردۆتەوە.

هێزە ئینتزامییەکان بە شێوەیەکی بەرین دیشی ماهوارەی هاووڵاتییانیان کۆ کردۆتەوەو ئەمەش نیگەرانیی هاوولاتییانی کوردی لێکەوتۆتەوە.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتوون، ئەم کردەوە \"نایاسایی‌\"یەی هێزە ئینتزامییەکان ناڕەزایەتیی هێندیک لە بەرپرسانی حکوومەتیشی بەدوای خۆیدا هێناوە.

هەروەها جێگری بەرپرسی سوپای پاسداران لە شاری ماکۆ لە باکووری کوردستانی ئێران رایگەیاندبوو، ئەگەر \"بودجەی پێویست\"یان بۆ دابین بکرێت ئامادەیی ئەوەیان هەیە دەزگا و دیشی ماهوارەکانی ناو شار کۆبکاتەوە.

ئەو بەرپرسە نیزامییە ؛ \"ماهوارەی بە رێگەیەک بۆ هاتنی دوژمنی سوێندخواردووی نیزام\" بۆ ناو وڵات و ماڵی هاووڵاتییان لە قەڵەم داوە.

یاسای قەدەغە کردنی بەکارهێنانی ماهوارە و رسیڤێر، ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی لەلایەن شۆرای نیگابانی حکوموەتی ئیسلامیی ئێرانەوە پەسند کراوە.

بەپێی ئەو یاسایە، \"هێزە ئینتزامییەکان یان هیزەکانی بەسیج\" بەرپرسیارەتیی کۆکردنەوەی دەزگا و دیشی ماهوارەی هاووڵاتییانیان دەکەوێتە ئەستۆ.

لەماوەی ساڵانی رابردوودا، کۆکردنەوەی ماهوارە لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەهۆی هەبوونی کەناڵی ئاسمانیی سەربە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان، بە شێوەی بەردەوام و لە ناکاو لە ئارادا بووە و مەئموورانی هێزی ئینتزامی لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بەبێ بەرگەی لایەنە پەیوەندیدارەکان چوونەتە ماڵی هاووڵاتییان و دەزگا و دیشی ماهوارەیان زەوت کردووە.