هێرش بۆ سەر کەرەستەی مینهەڵگرتنەوە لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە

16:53 - 17 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: کەسانێکی نەناسراو، کەرەستەکانی گرووپی مینهەڵگرتنەوەیان لە شاری مەریوان سووتاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدریی کوردپا، شەوی ڕابردوو، ١٦ی بانەمەڕ، کاتژمێری ١٠، کەسانێکی نەناسراو ئاگریان لە کەرەستەی گرووپی مینهەڵگرتنەوە لە نزیک پایگای \"علیسولی\" سەر بە شاری مەریوان بەرداوە و دوو دەزگای بێلێ میکانیکیان سووتاندووە.

یەکێک لە ئەندامانی گرووپی مینهەڵگرتنەوە وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هەتا ئێستە شوناسی ئەو کەسانە بۆ ئەو گرووپە ڕوون نەبووەتەوە.

\"ماڵپەڕی مین زندگی\" لەو بارەوە نووسیوویەتی: \"کاری خاوێنکردنەوەی ئەو پایگایە لە چەند ساڵی ڕابردوودا دەستی پێ کردووە و بە لەنێوچوونی ئەو کەرەستانە بە ئەگەری زۆرەوە پرۆسەی پووچەڵ کردنەوەی مین لە شاری مەریوان، هەتا کاتی ناڕوون ڕادەگیرێت\".

پارێزگاکانی ورمێ، سنە، ئیلام، کرماشان و خووزستان بە ئالوودەترین ناوچەکانی ئێران بە مێن دەژمێردرێن و زیاتر لە ١٦ میلیۆن مین لەو ناوچانە هەیە.

لە پەیوەندی لەگەڵ پیشینەی چاندنی مین لە کوردستان، کارناسێکی مێنهەڵگرتنەوە دەڵێت: \"پاش شۆڕشی گەلانی ئێران، لە ساڵی ٥٧ی هەتاوی و شەڕی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن و دەسپێکی شەڕی ئێران و عێراقدا، هەروەها سەرهەڵدانی شەڕی کلاسیک لە کوردستاندا، زاڵبوونی بارودۆخی شەڕ لە ناوچەکە و هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، بە مەبەستی بەربەرەکانیی لەگەڵ جووڵەی هێزی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، هەوڵی سازکردن و دانانی پایگای نیزامی گەورە و چووکەی داوە و ژمارەیان بەخێرایی گەیشتە سنووری ٣ هەزار پایگا و بۆ پاراستنی پایگاکان دەورووبەری ئەو پایگایانەی مێن چێندراون\".