هێرشی گرووپێکی نەناسراو بۆ سەر هێزەکانی سپای پاسداران لە بەرزارییەکانی شاهۆ

16:00 - 24 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی سپای پاسداران لە بەرزاییەکانی شاخی شاهۆ کەوتنە بەر هێرشی گرووپێکی چەکداری نەناسراو.

فەرماندیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە \"حدکا\" بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، ڕایگەیاند: \"ئێوارەی شەممە ٢٣ی پووشپەڕ، هێزەکانی سپای پاسداران لە کاتی جەوڵە لە بەرزاییەکانی شاخی شاهۆ، دەکەونە بەر هێرشی گرووپێکی چەکداری نەناسراو و لە ئاکامدا لە دوو کەس لە هێزەکانی سپا کوژران و چەند کەسی دیکە لە ئەندامانی سپا بریندار بوون.

فەرماندیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێت: \"سپای پاسداران شوێنی شەڕەکەی بە توندی تۆپباران دەکات\".

لە لایەکی دیکەوە، پەیوەندییەداکانی قەراگای ئەشەرەفی هێزە زەویینییەکانی سپای پاسداران ڕایگەیاندووە: \"لە ئەنجامی دزەکردنی گرووپێکی تێرۆریستی دژە شۆڕش لە ناوچەی سنووریی شاری نۆدشە سەر بە پاڕێزگای کرماشان بۆ ئەنجامدانی خرابکاری و دژە ئەمنییەتی، ئەم تیمە لە لایەن هێزەکانی قەراگای نەجەفی هێزە زەویینییەکانی سپای پاسداران، هێرشیان کراوەتە سەر و کوژراون\".

قەراگای نەجەفی ئەشەرەف لەو ڕاگەیاندراوەدا دەڵێت:\" لەو شەڕ و تێکهەڵچوونەدا سێ کەس لە ئەندامانی ئەو گرووپە کوژراون و کەسێکی دیکە بە توندی بریندار بووە و هەروەها لە شەڕەدا، یەکێک لە ئەندامانی خۆجێی بەسیج کوژراوە\".

ئەم قەراگایە بە هەڕەشەکردن لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران دووپاتی کردووتەوە کە: \" هێزە زەویینییەکانی سپا و هێزە ئەمنییەتییەکانی دیکە لە ناوچەکە بەربەرەکانێ دژی هەر گرووپێکی دوژمنکار دەکەن و ئامادەیی هەر جۆرە وڵامدانەوەی مانۆڕدانی گرووپەکانی دژە شۆڕش و دژەبەرەکانیان هەیە.\"