هێرشی کولـلە بۆ سەر سێ شاری ئوستانی ئیلام

21:30 - 6 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییانی کوردی سێ شاری ئوستانی ئیلام، بەهۆی هێرشی کولـلەوە وەزاڵە هاتوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا بە هەزاران کولـلە روویان ماڵی هاووڵاتییان و شوینی بازرگانی و ئیدارەکان لە شارەکانی ئەرکەواز، ئابادانان و به‌دره کردووە و ژیانی هاووڵاتییانیان تووشی کێشە و گرفت کردووە.

دوگوترێت، لەگەڵ تاریکبوونی هەوا و داگیرسانی چرای ماڵەکان، کولـلەکان دەر دەکەون و روو لە ماڵی هاووڵاتییان دەکەن، کە ئەمە نیگەرانی و ناڕەحەتیی هاووڵاتییانی لێکەوتۆتەوە.

هاووڵاتییەکی دانیشتووی ئابادانان بە هەواڵدەریی ئیرنای راگەیاندووە، ژمارەیەکی زۆر کولـلە هێرشیان کردۆتە ناو ماڵەکان و ئاشپەزخانەی ناو ماڵەکان و دەچنە نێو قاپ و سفرەی نان خواردن، کە ئەمە بە تەواوەتی هاووڵاتییانی تووشی گرفت کردووە.

ژمارەی کولـلەکان بە ڕادەیەک زۆرە، کە سەرەڕای ئەوەی چەندین جار (سەمپاشی) کراون، بەڵام ژمارەی کولـلەکان کەمی نەکردووە و بگرە زۆریش زیاتر دەبن.

هێرشی کولـلە بۆ شارەکانی ئەرکەواز و ئابادانان لە حاڵێکدایە، کە جێگری بەرپرسی بێهداشتی شاری ئابدانان رایگەیاندووە: کولـلەکان هەڵگری هیچ جۆرە نەخۆشییەک نین و لەگەڵ ئەوەی هەوا گەرمی کرد بۆخۆیان لەناو دەچن.

بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە ئەنجام دراون، روون بۆتەوە کولـلەکان لە ئوستانی خوزستانەوە روویان لە شارەکانی ئوستانی ئیلام کردووە.

لە وەرزی هاوینی ساڵی رابرووشدا بە هەزاران کولـلە هێرشیان کردبووە سەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی شاری دێهلوڕان و بە هۆی نەبوونی ژەهری دژە ئافات، لەناوچوونیان بەرەوڕووی گرفت ببوویەوە.