هێرشی چەکداریی بۆ سەر پاسێکی ئێرانی لەتورکیە قوربانی لێکەوتەوە

14:23 - 17 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: پاسێکی موسافیرهەڵگری ئێرانی لەناو خاکی کوردستانی تورکیە لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە هێرشی کراوەتە سەر و بەو هۆیەوە کەسێک گیانی لەدەست داوە و چواری دیکەش بریندار کراون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لەبەیانی رۆژی هەینی رێکەوتی ١٦ی گەلاوێژ پاسێکی ئێرانی لەپارێزگای وانی تورکیە لەلایەن چەند چەکدارێکەوە هێرشی کراوەتە سەر و یەکێک لەشۆفێری ئۆتۆمبێلەکە گیانی لەدەست داوە.

لەو بارەیەوە هەواڵدەرییە ناوخۆییەکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، ئەو پاسە لە سنووری بازرگانەوە چووەتە ناو خاکی کوردستانی تورکیە و لەناوچەی \"بایەزید\" دراوەتە بەر گوللە.

حوسێن قاسمی سەرکۆنسوولگەری ئێران لە ئەرزەرۆم باسی لەوە کردووە، لەئەنجامی هێرشەکەدا کەسێک گیانی لەدەست داوە و چواری دیکەش بریندار بوون.

قاسمی باسی لەسووتاندنی دوو ئۆتۆمبێلی دیکەش کردووە.

هەتا بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە هیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی ئەو هێرشەی وەئەستۆ نەگرتووە.

چەند رۆژ لەمەوبەریش شەمەندەفرێکی گواستنەوەی کاڵا و بار لەتارانەوە بۆ تورکیە، لە ناوخاکی تورکیەدا هێرشی کرایە سەر و لەسەر رێگەکەی بۆمب تەقێندرایەوە.

پاش ئەو رووداوە حکوومەتی ئێران سنووری زەمینی خۆی بە بیانووی نەبوونی ئەمنیەت لەگەڵ تورکیە داخست.