هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵی چالاکێکی مەدەنی لە کرماشان

15:46 - 24 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران، بۆ دەستبەسەرکردنی چالاکێکی مەدەنی لە شاری کرماشان، هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەو چالاکە مەدەنییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٢ی بانەمەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی شەهریار تەهماسبی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری کرماشان، بەڵام لە دەسبەسەر کردنی ناوبراو سەرکەوتوو نەبوون.

ئەو چالاکە مەدەنییە ساڵی ڕابردوو، لە شاری کرماشان، لە کاتی ناڕەزایەتیدەربڕین بە بۆنەی کوشتنی دوو کۆڵبەری کوردی خەڵکی شاری بانە، لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە، دەستبەسەر کرا.

شەهریار تەهماسبی، ڕێکەوتی ٢٣ی خەرمانان بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" بە پشتبەستن بە ماددەی ٥٠٠ دادگایی کراو و بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو، (٩٦) لە شاری کرماشان دەستبەسەر کرا و بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زینداندا ئازاد کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان تەواوی کەرەستەی ماڵی ئەو چالاکە مەدەنییە کوردەیان تێکداوە و هەروەها بێڕێزیشیان بە بنەماڵەی ناوبراو کردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دەستبەسەر کردنی ئەو چالاکە مەدەنییە کرماشانییە سەرکەوتوو نەبوون و ئەمەش سێهەمین جار هێزە ئەمنییەتییەکان هەوڵی دەستبەسەر کردنی شەهریار تەهماسبی دەدەن.
لە لایەکی دیکەوە، مەهیار ئەحمەدی، چالاکی ژینگەپارێزی، لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری سنەوە بانگهێشت و بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\" بە ٣ مانگ زیندانی تەعزیری و سێ مانگ زیندانی هەڵپسێردراو مەحکووم کرابوو، ڕۆژی شەممە ٢٢ی بانەمەڕ، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری سنە کرا.