هێرشی مەئموورانی شارەداریی بانە بۆ سەر دەسفرۆشێک

13:54 - 29 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: لێدان و هێرش بۆ سەر دەسفرۆشەکانی ئێران و کوردستان بەردەوامە.

لەم پێوەندییەدا مەئموورانی شارەداریی شاری بانە هێرشیان کردە سەر دەسفرۆشێکی خەڵکی ئەو شارە و بە شێوەی ناشارستانییەت، چەرخی ئەو کاسبکارە کوردەیان شکاندووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو، کاتژمێر ١٠ شەو، مەئموورانی شارەداریی بانە هەڵیانکوتایە سەر دەسفرۆشێکی خەڵكی ئەو شارە و هەموو ئەو خواردنانەی کە بۆ فرۆش و دابین کردنی بژیوی بنەماڵەکی ئامادەی کردبوو، تێکوپێکیان داوە.

ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا باس لەو دەکات، کە ئەو ڕووداوە کاتژمێر ١٠ی شەو لە فەلەکەی جیهادی ئەو شارە ڕووی داوە و هەموو خواردنە ئامادەکراوەکانی ئەو دەسفرۆشەیان هەڵڕشتووەتە سەر شەقامەکان.

شایەتحاڵێک کە بینەری بێحورمەتی و سووکایەتیی مەئموورانی شارەداریی شاری بانە بەو دەسفرۆشە کوردە بووە، ڕاگەیاند: ئەو هاووڵاتییە هێندیک خواردنی بۆ کاسپی کردن و دابین کردنی بژیوی ژیانی بنەماڵەکەی لە سەر چەرخێک دانابوو، کە مەئموورانی شارەداریی هەموویان هەڵڕشت و لە پێش چاوی خەڵک سووکایەتییان بەو دەسفرۆشە کردووە.

پێشتریش، مەئموورانی شارەداریی بانە شەوانە پاش چۆڵ بوونی شەقام و کۆڵانەکان بە دزیەوە خەریکی تێکدانی شوێنی چەند دەسفرۆشێکن و چەندین بەردی گەورەیان هێناوە و لە شوێنی کاسبی کردنی ئەو چەند کەسەیان داناوە.

لینکی پێوەندیدار:
کێشە دروست کردنی مەئموورانی شارەداریی بانە بۆ دەسفرۆشەکان