هیچ کەس یان ناوەندێک وەک تاوانباری رووداوی شیناوێ رانەگەیەندرا

20:53 - 16 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: بەپێی لێدوانی بەرپرسێکی قەزایی پاریزگای ورمێ، هیچ کەس و یان ناوەندێک وەک تاوانباری رووداوی شیناوێ رانەگەیەندراوە.

هەواڵدەریی \"ئیسنا\" لە زاری \"تەوەکول حەیدەری\" بەرپرسی دەزگای دادوەریی پاریزگای ورمێ بڵاوی کردەوە، بەپێێ دوایین لێکۆڵینەوەکان کە لەلایەن کاراناسانەوە لەسەر رووداوی ئاگرکەوتنەوەی قوتابخانەی سەرەتایی شیناوێ ئەنجام دراون، هیچ کەس یان ناوەندێکی حکوومەتی وەک تاوانباری سەرەکیی ئەو رووداوە نەناسێندراون.

حەیدەری ئەوەشی خستۆتە روو، تەنیا لە کاتێکدا رێژەی قوربانیانی ئەو رووداوە کەمتر دەبوو کە بە زووترین کات کچە قوتابیەکان بۆ دەرەوەی پۆلەکە بگوازرایەنەوە.

\"10593.jpg\"
ئەو بەرپرسە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کچە قوتابیانە لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە قەرەبوویان بۆ دەکرێتەوە، چیدیکە پێویست بە بەدواداچوون و تۆمار کردنی سکاڵا ناکات.

رۆژی ١٥ی سەرماوەز ٣٧ کچە قوتابیی پۆلی ٤ی سەرەتایی قوتابخانەی کچانەی گوندی شیناوێی سەر بە پیرانشار بەهۆی تەقینەوەی سۆبەی نەوتیی پۆلەکەیان تووشی رووداوی ئاگر بوون کە هەتا ئێستا ٢ کەسیان بەو هۆیەوە گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها باری تەندروستیی ٣ کچە قوتابی کە لە ناوەندە دەرمانییەکانی مەشهەد و ئیسفەهان لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دان، مەترسیدار راگەیەندراوە.