هیوا تاب هاوڕێ لەگەڵ دوو کەسی دیکە لەسێدارە درا

18:33 - 19 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: حکوومەتی ئیسلامیی ئێران فەرماندەی پێشووی ئیتلاعاتی سپای مەریوانی و سەرکردەی باندی هیوای تابی لەسێدارە دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، \"هیوا تاب \"فەرماندەی ئیتلاعاتی سپای مەریوان و سەرکردەی باندی هیوای تاب هاوڕێ لەگەڵ دوو ئەندامی باندەکەی بەناوەکانی \"حەمید دادباشی\" و عەلی قادریان\" لەسێدارە دران.

هیوا تاب و چەند کەسیک لە ئەندامی باندەکەی کە ٢٦ی مانگی رەزبەری ساڵی ١٣٨٨ دەستبەسەر کرابوون چەند رۆژ پێش ئێستا لە تاران لەسێدارە دران و ئەمڕۆ هەینی لە گۆڕستانی دارسێرانی شاری مەریوان بە خاک سپێدران.

هیوای تاب تەمەن ٤٤ ساڵ و کوڕی عەوڵا بەگ و خەڵکی گوندی ولەژێری مەریوان بووەو بەوتەی هاووڵاتییانی ناوچەی مەریوان، لەساڵی ١٣٦٣ی هەتاوییەوە چەکی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانی پێ بووە.

دەگوترێت باندەکەی هیوای تاب، بە ئاگاداریی وەزارەتی ئیتلاعات، دەستێکی باڵای لە کوشتوبڕی کۆڵبەران، رێگری، بارمتە گرتنی هاووڵاتییان، بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر و ئەشکەنجەی زیندانییانی سیاسیدا هەبووە، حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تەنیا بۆ بەلاڕێدا بردنی بیروڕای گشتی، ئەو سێ کەسەی لە سێدارە داوە.

بەوتەی هاووڵاتییانی ناوچەی مەریوان باندی هیوای تاب، بۆ ماوەی ساڵەکانی ١٣٨٤ هەتا ١٣٨٨ لە شاری مەریوان و سەوڵاوا، لە هیچ چەشنە رێگری و کردەوەیەک بەدژی هاووڵاتییان خۆی نەبواردووە و سەرجەمی ئەو کارانەشیان بە ئاگاداریی وەزارەتی ئیلاعات ئەنجام داوە.