هیزە ئیتلاعاتی و ئینتزامییەکان زیاتر ٣٠ هاووڵاتیی کوردیان لە "بەندەر ئیمام" دەستبەسەر کرد

17:05 - 13 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: زیاتر لە٣٠ شۆفیری کورد کە ناڕەزایەتییان لەمەڕ کەمتەرخەمیی بەرپرسانی پارکینگی \"بەندەر ئیمام\" دەبڕیبوو لەلایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٠ی بەفرانبار کۆمەڵێک لە شۆفیرانی ماشینە نەوتکێشەکان لەمەڕ کەمتەرخەمیی بەرپرسان و دۆخی قوڕ و چڵپاوی پارکینگی \"بەندەر ئیمام\" ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو و کە دواتر هێزە ئینتزامییەکان دەستێوەردانیان کردبوو لە ئەنجامدا توندو تیژی لە نیوانیاندا هاتبووە ئاراوە و زیاتر لە ٣٠ کەسیان کە هاووڵاتیی کوردی عێراقی و ئێرانی بوون لەلایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئینتزامییەکانی بەندەر ئیمام\"ەوە دەستبەسەر کراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، دەستبەسەر کرانی ئەو شۆفیرانە لە کاتێک دایە کە بەرپرسانی پارکینگی ئیمام بە مەبەستی قیرتاو کردنی ئەو پارکینگە لە هەر شۆفیرێک بڕێکی بەرچاو پارەیان وەرگرتووە، بەڵام هەتا ئیستا هیچ خزمەتگوزارییەک بۆ ئەو شۆفیرانە ئەنجام نەدراوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد، ئەو شۆفیرە کوردانە کە لە هەرێمی کوردستانەوە نەوتی رەش بۆ بەندەری ئیمام لە پارێزگای ئەهواز دەگوازنەوە، بەردەوام لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە ئازار و ئەزیەت دەکرێن و زۆرجار بەشێوەی زۆرەملی بڕێکی بەرچاو پارەیان لێ دەستێنن، بۆیە ماوەیەکە شۆفیرە کوردەکانی عێراق بە کەمی سەردانی بەندەری ئیمام دەکەن.